|
كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
هه‌ر ئێستا وه‌ره ماره‌مکه به‌پێشه‌کی خه‌نده‌یه‌ک و به‌پاشه‌کی نیگایه‌کت قایل ئه‌بم تۆ (بمهێنه) بۆ ناو قسه‌یه‌کی خۆش و منیش بۆ ناو شیعرێکی کچانه (ئه‌تهێنم)!
هه‌ر ئه‌مڕۆ ماره‌مکه به‌پێشه‌کی چه‌پکێ گوڵ و به‌پاشه‌کی ماچێکی دۆستانه یان به‌سێ جار وتنی وشه‌ی (گیانه‌که‌م) ته‌ڵاقمده و ته‌ڵاقته‌ده‌م ! باوه‌ڕبکه ... هه‌ر به‌و وشه‌یه‌ش دێینه‌وه بۆ ماڵێکی پڕ له ریتمی خۆشه‌ویستی و به‌رامه‌ی باخی رێحانه.
سبه‌ینێ واز له‌خووی خراپی زۆر نووستن ئه‌هێنم
مۆڵه‌ت له شیعر و خه‌ڵک و خوا وه‌رئه‌گرم و له‌ناو کلۆره دارێکی پووره‌ی هه‌نگا مانگی هه‌نگوینی له‌گه‌ڵ تۆ به‌سه‌رئه‌به‌م فێری وتنی شیرین و خستنه‌وه‌ی وه‌چه‌ی شیرین و ئاشتییه‌کی شیرین ئه‌بم.
هه‌ر ئه‌مڕۆ واز له‌م تووتڕکی تووڕه‌بوونانه‌م ئه‌هێنم که له‌دڕکی په‌ستبوونی تۆ ئه‌چێ بۆ له‌مه‌ودوا گوڵ ئه‌گریت و گوڵ ئه‌گرم.
ئه‌گه‌ر دڵت هێنده‌ی دڵم گه‌وره‌نییه بڕۆ وازم لێبهێنه با هه‌روه‌کو جاران بژیم.
ruber
المشاهدات: 404 التعليقات
(0)
|